چێ گیڤارا

له‌لایه‌ن: - چاوان محەمەد - به‌روار: 2021-12-28-15:25:00 - کۆدی بابەت: 7415
چێ گیڤارا

ناوه‌ڕۆك

چێ گیڤارا کێیە؟

ئێرنێستۆ چێ گیڤارا ناسراو بە چێ گیڤارا (بە عەرەبی: جیفارا)، (بە ئینگلیزی: Che Guevara)، لە (14/6/1928) لە ڕۆزاریۆی ئەرجەنتین لەدایکبووە، شۆڕشگێڕێکی مارکسی "کوبی" ئەرجەنتینی بوو، هەروەها نووسەر و شاعیر و پزیشک و سەرکردە بووە.

ژیانی گیڤارا

گیڤارا منداڵی گەورەی خێزانەکەی بووە، بنەماڵەکەی لە بنەڕەتدا خەڵکی باسکی ئیسپانی بوون و ڕەچەڵەکیان ئێرلەندی بوون، خێزانێکی ساماندار بوون و تێکەڵ بە سیاسەت بوون، لەساڵی 1948دا گیڤارا لە زانکۆی (بۆینس ئایرێس)دا وەرگیرا لە بەشی زانستی پزیشکی و لەساڵی 1953دا تەواوی کرد.
لە تەمەنێکی زوودا توشی نەخۆشی ڕەبۆ بووە بەڵام کۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە لە بەدیهێنانی ئارەزووەکانی، وەرزشوانێکی لێهاتووش بووە، هەروەها نووسەرێکی بەتوانا و خوێنەرێکی بەردەوام بووە، کەسایەتییەکی بێ وێنە و ژیر و هۆشمەندی هەبووە.
کاتێک کە خوێندکار بووە، لەگەڵ ئەلبێرتۆ گرانادۆی هاوڕێی تەواوی ئەمریکای لاتین گەڕاون، لەو گەشتەیدا بەتەواوی هەستی بە هەژاری و برسیەتی خەڵک کردوو و هەستی بەو ستەمە زۆرەی کە بەرامبەر بە خەڵک دەکرا کردووە، ژیانی گیڤارا بەهۆی ئەم گەشتەوە گۆڕا و تێبینی کرد کە ئەم زوڵم و ستەمە پێویستی بە شۆڕشێکی گەورە هەیە، هەربۆیە ژیانی تەرخان کرد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ستەم و ڕزگارکردنی دونیا لە سیاسەتی چینایەتی و داگیرکاری.
لەو گەشتەیدا گیڤارا یادەوەریەکانی دەنووسیەوە، دواتر هەمووی ڕێکخستەوە و لەژێر ناوی “یادەوەری ماتۆڕسکیلەکە” لە پەرتووکێکدا بڵاویکردەوە کە یەکێک بوو لە پڕ فرۆشترین پەرتووکەکان لە هەموو جیهاندا،  لە ساڵی 2004 کرایە فیلم.
گیڤارا دوای ئەوەی لە گەشتەکەی گەڕایەوە بۆ ئەرجەنتین بە دڵێکی پڕ لە خەم و ئازاری هەژاران کەوتە بیرکردنەوە لە چارەسەرێک، تاکە چارەسەریش کە بە بیریدا دەهات بەرپاکردنی شۆڕشێک بوو، هەر بۆیە دواتر بوو بە یەکێک لە ئەندامی کۆمەڵە چەکدارە یاخییەکانی کوبا کە دژی سیستمی وڵاتەکەیان خەباتیان دەکرد.

ڕۆیشتنی گیڤارا بۆ کوبا و شۆڕشی کوبا

گیڤارا ڕۆیشتە مەکسیک و لەوێ بە فیدڵ کاسترۆ و ڕائول کاسترۆ ئاشنا بوو کە هەردووکیان برای یەکتر بوون کە کۆمەڵەیەک بوون لە کوبا ڕایان کردبوو، پێکەوە پلانیان بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێک دانا دژی ستەم و زۆرداری سەرۆکی ئەوکاتی کوبا کە (فۆلگینسیۆ باتیستا) بوو كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەکرا، یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی جووڵانەوەكە لە 26 تەمووزی 1953، گیڤارا بەشداریی كرد و لە ڕیزی چەكداران بەردەوام بوو لە خەبات تا بوو بە دووەم پیاوی شۆڕشی كوبا و نازناوی "عەقڵی شۆڕش"ی پێ بەخشرا، تا كۆتای شۆڕشەكە و سەركەوتنی لە یەكی كانوونی دووەمی 1959 بەردەوام بوو.
دوای شۆڕشی کوبا، گیڤارا چەند ڕۆڵێکی سەرەکی لە حکومەتی نوێدا پێدرا، کە بریتیبوون لە پێداچوونەوەی داواکارییەکان و کوشتنی ئەوانەی کە تۆمەتبارکراون وەک تاوانباری جەنگ لەماوەی دادگای شۆڕشدا، چاکسازی کشتوکاڵ وەک وەزیری پیشەسازی، یارمەتیدان و پەرەپێدانی کەمپینی سەرکەوتووی خوێندەواری نەتەوەیی، خزمەتکردن وەک هەردوو سەرۆکی بانکی نەتەوەیی و نوێنەری کوبا بۆ وڵاتانی دەرەوە و گوتەبێژی ڕەسمی کوبا لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لەو ماوەیەدا گیڤارا کەسی دووەمی کوبا بوو، هەر لە هەمان ساڵدا گیڤارا لە هاوسەرەکەی کە هیلدا گەدەیا بوو جیابوویەوە، وە هاوسەرگیری لەگەڵ ئێلدیا مارش کرد.
لە ساڵی 1965دا نامەیەكی بۆ فیدڵ كاسترۆی سەرۆكی كوبا نارد و پێی ڕاگەیاند، لە پۆستەكەی لە نێو حیزب و لە حكوومەتیش وەك وەزیر و تەواوی پۆستەكان دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، ئاماژەی دابوو كە ئەو لەو بڕوایەدایە شوێنی ڕاستەقینەی لە ناو خەڵک و لەگەڵ هەژار و ستەملێكراواندایە، نەك باڵەخانەی وەزارەتەكان، دووپاتی لەوە كردبوو كە ئەمە هیچ كات لە خۆشەویستی بۆ كوبا كەم ناكاتەوە، وە شۆڕشەکانی دژی ستەم لەبیر ناچنەوە.

کۆنگۆ

دوای نامەكەی بۆ كاسترۆ، گیڤارا كوبای بەجێ هێشت و ڕووی لە كۆنگۆ كرد بۆ دروستكردنی شۆڕش، بەڵام لەم شۆڕشەیدا سەرکەوتوو نەبوو بەهۆی دۆخی نالەباری ناوخۆی كۆنگۆیییەكان و باشووری ئەفریقا و پشتیوانی زۆری ئەمەریكا بۆ حكوومەتە ستەمكارەكان.
گیڤارا دەربارەی هۆکاری شکستی شۆڕشی کۆنگۆ لە یادەشتەکانیدا بۆ سێ هۆکار دەگەڕێنێتەوە، یەكەمیان ململانێی ناوخۆ لە نێوان سوپای كۆنگۆ و یارمەتینەدان و نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ گیڤارا و کۆمەڵەکەی، دووەمیان نەبوونی ئیرادە و ڕۆحی شۆڕش لە نێو سوپا و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە نێو سەركردەكانی سوپا، سێیەم لە بنەڕەتدا ئەوان نیازی شەڕ و بەرپاكردنی شۆڕشیان نەبوو.
دوای شکستەکەی کاسترۆ نامەیەکی بۆ نارد داوای لێ كرد بەرەو پۆلیڤیا و بەدیاریكراوی دۆڵی نانكاهوازوو بڕوا و لەوێ پارچەیەك زەوی بۆ كڕیوە و تەرخانی كردووە تا سەربازگەی مەشق و ڕاهێنانی لەسەر دروست بكرێت.

پۆڵیڤیا

لەساڵی 1966 لەبارەی شوێنی گیڤاراوە زۆر پرسیار دەکرا و کەس نەیدەزانی لەکوێیە، تا لەکۆتاییدا ڕائید خوان ئەلمیدا ئاشکرای کرد کە گیڤارا لە ناوچەیەک لە ئەمریکای لاتین خزمەتی شۆڕش دەکات، دواتر گیڤارا دەستی بە شۆڕش کرد لە پۆڵیڤیا ناوی سوپاكەی نا "سوپای ڕزگاری نیشتمانی"، لەسەرەتادا چەند سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا بەڵام دواتر توشی شکست بوو، بەهۆی کەمی سەربازەوە کە تەنها 50 سەرباز دەبوون و نەبوونی چەکی پێویست.

شکستەکەی گیڤارا بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە:

- یەکەمیان: پێی وابوو تەنها ڕووبەڕووی سوپای پۆلیڤی دەبێتەوە، چونکە دەیزانی سوپایەکی لاواز و کەم ئەزموونن بێ ئاگا لەوەی کە ئەمریکا یارمەتی سوپای پۆلیڤیا دەدات.

- دووەم: ناکۆکی لەنێوان شۆڕشگێڕەکاندا هەبوو.

- سێیەم: گیڤارا پشتی بە بەکارهێنانی بێتەلەکان بەستبوو بەوەی کە لە ڕێگەی بێتەلەکانەوە پەیوەندی بە هاڤانای پایتەختی کوباوە بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبوو چونکە نامەکان نەدەگەیشتن و سەرەنجام گەمارۆ دران.

گیڤارا خۆشی هۆكاری شكستەكانی ڕوون کردووەتەوە و نووسیەتی، سوپای پۆلیڤیا لەژێر فەرمانی هێزە تایبەتەكانی ئەمریکا دەجەنگان و بەوردی ئێمە و سەركردایەتیی شۆڕش، لەلایەن ئەمریکا لەژێر چاودێریدا بووین، جگەلەوەش هیچ هاووڵاتییەكی پۆلیڤیا نەیدەویست بێتە ڕیزی هێزەكانی شۆڕش، ئەمەش كاریگەری یەكجار گەورەی هەبوو، تا لە كۆتایدا فیلیكس رۆدریگیز یەكێك لە هاوڕێ کوبییەکانی گیڤارا كە لە بەرژەوەندی هەواڵگری ئەمریکا كاری دەكرد، شوێنی گیڤارا بە هەواڵگری ئەمریکا دەڵێت و هێزەكانی پۆلیڤیاش بەپەلە دەگەنە شوێنەكە و لە واردی جۆرۆ هێرش دەكەنە سەریان و گیڤارا بە برینداری دەستگیر دەکرێت.

مردن و بەخاکسپاردنی

دوای ئەوەی گیڤارا دەستگیر دەکرێت، دەبردرێتە قوتابخانەیەک و لەوێ زیندانی دەکەن، دەبوایە ببردرایەتە دادگا بەڵام ئەمریکا پلانی کوشتنی گیڤارا هەبوو، هەر بۆیە لە 9/10/1967 لە تەمەنی 39 ساڵیدا بە بڕیاری سەرۆکی پۆلیڤیا (ڕینیە بارینتۆس) گوللەباران دەکرێت و کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت، دوای گوللەبارانكردنی بڕیاردرا تەرمی ناوبراو بگەڕێنرێتەوە نیشتیمانی خۆی لە وڵاتی ئەرجەنتین، بەڵام ئێستاش نازانرێت گۆڕی گیڤارا لە كوێیە و چۆن و لە چی شوێنێك بەخاك سپێردراوە، گیڤارا بە شۆڕشگێڕی ژیا و دەیویست خەڵک ئازاد بێت، ئەو دەیووت (حەقیقەت لە کوێ بێت، دەبێت مرۆڤیش لەوێ بێت).

- جولیوس لێستەری نوسەری ئەمریکی لەبارەی کوژرانی گیڤاراوە دەڵێت: (مەرگی چێ، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤێکی وەک چێ ژییاوە، بۆ لە ناوبردنی چێ، ئێوە دەبێ ھەموو خەڵکی جیھان لە ناو ببەن، ئەوەش کە ناکرێ!).

- عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە وتارێکدا دەڵێت: (هەتاکو مرۆڤایەتی بەردەوام بێت، ناو و ڕێبازی گیڤاراش بەردەوام دەبێت).


سەرچاوەکان



7005 بینین